Pro Blogger Templates

پاسەوانانی سەر سنوور و گیرفانبڕانی ناو سنوور

کەسایەتییەکمان هەبوو بیری قووڵی دەکردەوە، چاوێکی مەزنی هەبوو، لەو چاوەوە، کە چاوی نەتەوەکە بوو، بۆ هەموو ڕووداو و بەسەرهات و دیاردەکانی دەڕوانی، بیری پێش خۆی، دووپات نەدەکردنەوە، خۆی کانگای بەرهەمهێنانی هزر بوو، بۆیە دەتوانم ڕێنماییە گرنگەکانی سەدانپاتە بکەمەوە، تا لە هزرەکاندا بچەسپێت، داواش لە کەس ناکەم کە شوێن لێڕوانینەکانی من بکەوێت، بەڵام گەلەک سپاسی دەکەم ئەگەر: ڕەخنەی توندم لێ بگرێت و هەوڵم لەگەڵ بدات تا ڕۆشن ببمەوە.
بیرمەندی کورد، مامۆستا مەسعوود محەمەد، بەپێی ئەو ژیانە پڕ لە ئەزموون و توانای بۆ بەرهەمهێنانی هزری نوێ، لای سانا بوو کە بە ڕوانین و بەستنەوەی چەند سەرەتایەک(دیاردە+ مێژوو+لێوردببونەوەی خۆی= پرانسیپ) پێکەوە، پێوانە گەلێک بۆ ئەنجامی ڕەفتاری گرووپێک دەستنیشان بکات.
سەرەتای جەژنێکی نەتەوەیی فرە مەزنە، دوو گەرمەبرین، بزووتنێکی سەرتاسەرییان خوڵقاندووە، گەرمەبرینی ئەنفالەکان
(کە دیاریی بیرکردنەوەی قەومییەتی سەر بە موسڵمانەتی عەرەبە قەومییەکان بوو کە ڕیشەکەی بۆ داگیرکارییەکی هەزار ساڵی هەڵدەگەڕایەوە- ئەگەر ڕاستەوخۆش قەومییەکانی عەرەب موسڵمانەتیان نەکردبێتە درووشمی ئەمڕۆی پەلاماردانەکانیان- بەڵام هەمیشە ئامڕازێکیان هەبووە/ هەیە کە پاساوی کوردکوژیی پێ بدەنەوە، خۆ لە ئێستای ئێمەشدا، ئێمە شێخی پیرانێک و مەلیکێک و مەحوییەک و عەبدولڕەحمان بەبەیەک و حاجیییەکەی کۆیی و مەلایەکی گەورە و قازییەکمان نییە، کە لە چاوی بەرژەوەندی نەتەوەکەوە بۆ ئاین بڕوانێ و بێژێ من بەر لە هەر شتێک سەرەتا کوردم)، جا هەر شتێکی دی.
گەرمە برینی دووەم شیوەنە نەتەوەییەکەی هەڵەبجە بوو، کە هەڵەبجە بوویە لابراتۆرێکی جیهانی بۆ تاقیکردنەوەی گازەخنکێنەرەکانی سارین و مارین، هیچ نەبێت بۆ ڕژێمەکانی کە بەشێک لە خاکی نیشتمانی کوردیان داگیرکردووە، ژیانی پێنج هەزار کوردیش بە خۆڕایی کرانە کەروێشکی ناوئەو لابراتۆرە. بزووتنەکە هەر دەهات و گەشەی دەکرد، هەر دەهات و ئەو بەشەی نیشتمانی خۆی ئازاد دەکرد، لەم نێوەدا گرفتارییەکی مەزن سوار پاشکۆی بزووتنەوەکەوە ببوو، نەدەبینرا و هەستی پێنەدەکرا، لە سەردەمی شڵەژانی لەو جۆرەدا، مەترسییەکان لە ناو لۆچی شەپۆلەکانی خەڵکی ڕاپەڕیودا خۆیان حەشار دەدەن، بە هێوربوونەوەی ژڵەژانەکە، ئەوسا خۆیان پیشان دەدەن و بەرۆکی زۆرینەی خەڵکە ڕاپەڕیوەکە دەگرن و هەر زوو ژمارەیەکی 
بەر چاو ژیوان دەکەنەوە لەو کارەی کە کردوویانە.
لەم نێوەشدا، بیرمەندان و هزرڤانانی واشمان بوون کە دەم و دەست، هاتنە گۆ و هاورێکی مەترسیداریان، بە گوێی نەتەوەکەدا دا، بەڵام بەهۆی مەستیی خەڵک بە سەرکەوتنە کاتییەکانییەوە و ئەو ژاوەژاوەی کە لەم سەردەمانەدا ئاسمان و زەوی پڕ دەکات و دەنگی ئەو لە هەموو دەنگەکان بەرزتر دەبێت، کەمترین ئەندامانی کۆمەڵگا، هاواری بیرمەند و هزرڤانان دەژنەفن.
مامۆستای مەزنی بیرکرنەوەی کوردیی و کوردستانیی، مەسعوود محەمەد، کە بۆ بزووتنەکەی ڕوانی، بۆ سەر قافڵەکان گەڕا و دڵی داخوورپا، ناکۆکییەکی ئاوا قووڵ کە بە دەیان هەزار گیان و ژیان و چارەنووسی خێزانی کوردی قووت دابوو، وەک نەهەنگێکی تینووی خوێن و گۆشت، وان لە سەر قافڵەدا، چرای سووری بۆ نەتەوەکە هەڵکرد و بە چوار دێڕ، مێژووی ئەم سەر قافڵەچیانەی پێناسەکرد و چارەسەری خەستە بەردەم نەتەوەکە و گووتی:" ئەگەر کەوتمە سەر دووڕیانێک و نەمزانی کام ڕێگەیەیان هەڵبژێرم، پرسێک بەم حیزبە شێت و وێتانەی کوردستان دەکەم، ئەوان کام ڕێگەیەیان پیشاندام، من ملی ڕێگەکەی تریان دەگرم و دڵنیام کە ڕێگە ڕاستەکەم هەڵبژاردووە". ئەمە سەدجار پوختەکراوەی بەسەرهاتی ئەم بیرمەندە کوردە مەزنەیە لەگەڵ ئەو سەرقافڵانە، هێندە پوختەی کردەوە و پوختەی کردەوە، کە هەم سەرنجی زۆرینە ڕاکێشێ و هەم تیراسا بچێت بە چاو و هزر و دڵ و بیرکردنەوەی زۆرینەی خەڵکەکەدا، تا ڕایان بچڵەکێنێ، کە ئەگەر فریا نەکەون، بە خەسارچوون..... .
ئەو مەزنە وتی و گوتی و بێژای و وتیەوە و گوتیەوە و بێژایەوە، بەڵام گوێیەک نەبوو کە بژنەفێ، دڵێک نەبوو کە داخورپێ، هزرێک نەبوو کە ببزوێ، ئەوە بۆ سی و چوار ساڵ دەچێت ئەم بەشە لە نەتەوەی کورد لە دەڤەری باشووردا، ملی خۆی خستۆتە ژێر چەقۆی سەرقافڵە گەلێکەوە کە بە خوێنی کورد تینوون، وانییە؟! ئەی ئەگەر وا نییە ئەو گیانانەی لە قیامەتی شەڕی کوردکوژییەکانی نێوان سەرکردەیەتی ئەم باڵ و ئەو باڵەدا، گیانیان لێسەندرایەوە، بۆچی بوو؟! هێنانی سپای دوژمنانی دێرینەی نەتەوەکە بۆ سەر دڵی نیشتمانەکی، لەبەر چی بوو/ لەبەر چییە؟!. خۆتان وەڵامی بدەنەوە... .
لەم ڕۆژانەی ڕابووردوودا، دوو قوتبی یەک بنەماڵە، لە پاشکۆیاندا نوێنەرانی بنەماڵەکەی سلێمانیش، قوتبێکیان لە تارانەوە، لە خزمەت ( مەقامی موعەزەمی ڕەهبەریدا) جەختی کردەوە، کە هیچ هێزێک لە سنووری باشووری کوردستانەوە، واتە هەرێمەوە، ناتوانێک مەترسی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران گیان، دروست بکات. نامەخوا مرۆڤ وا هەست دەکات کە ئەوە چەندین هێزی ئامادەکراوی ڕاهێنراوی بە دسپلین و پڕچەک، دەیانەوێ پەلاماری کۆمارە تاقانەکەی ئیسلامییەکەی ئێرانییەکەی مەقامی موعەزمی ڕەهبەری بدەن و فەرمانڕانانی هەرێم، کە خۆیان بە بەشێک لە شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران دەزانن، ڕێگەیان پێ نادەن و ئەرخەیان بن کە ئەو سنوورە ئەوان بۆ مەقامی موعەزمی ڕەهبەری دەپارێزن، ئەشەدومابیللا بە وەفان!!!، ئەی کەس ڕۆڵەی نەمرێ بۆ جوامێریتان!.
کاکە، ئەها کاکە، ئەو هێزانەی کە ئەم برادەرە گەرەکییەتی سنووری ئێرانی مەقامی موعەزەمی ڕەهبەری، لێیان بپارێزێ، بریتین لە کۆمەڵەکان( نازانم چەند دانەن- هەموویان پاشکۆیەکی ئێرانیان پێوەیە، بەخوڵای ئەوەی کاکە عەبە نەبێ بە ڕووکەش ئەو پاشکۆیەی پێوە نییە، لەهەموویان ئێرانی ترە، ئەو لە هیچی نەبوو، لەگەڵ ڕەزای کوڕی محەمەدی کوڕی ڕەزای شای ئێرانی دەرکراو لە ئێران، ناوی (ژینا گیانی) وەک مەهسا پێشکەش بەو کرد و لە مێزگردەکانیدا، مێزەکان هەموویان بچووک بوون و هەر جێگەی دووکەس دەبۆوە لە دەوری دانیشن، لەو سەردەمە ئازیزەی شۆڕشەکەی ژیناگیاندا، لە بەرەبەیانەوە تا بەرەبەیانی ڕۆژەکەی تر، دادەنیشت و لە کۆتایشدا بە دەستی بەتاڵ ناردیانەوە و ڕەنج بەخەساربوو!!!... . 
هێزەکەی تر، حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی( خەتێکی خوار/ سڵاش، ئێران) ە، دەی برا ئەمە ترسی بۆچییە، ئەوان باوەڕیان بە شەڕی چەکداری نییە و بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێم ئەوە بۆ چل ساڵ ئەچێت خۆیان چەک کردووە و مەگەر ئێران شەڕیان پێ بفرۆشێ، دەنا ئەمان سەریان بۆ شەڕ ناخورێ و حەزیش ناکەن بەڕێگای قاچاغ ئەو سنوورە دەسکردە ببەزێنن، ئێدی بۆ دەی کەی بە منەت بەسەر ئەو دوو هێزەوە!!!... ماڵیان ئاوەدان بێت، هەر زوو هەستیان کرد کە حوکوومەتی هەرێم ساوایە و بۆ گەشەکردنی دەبێت، چاودێری بارودۆخەکەی بکەن، بۆیە چەکەکانیان بێدەنگ کرد، مەگەر ئەو کاتەی بەیەکدا هەڵشاخابن، دەنگ لە تفەنگیان دەهات وەک کارەساتەکەی نێوان ئامۆزاکان لە ناو کۆمەڵەدا، کە دوو پێشمەرگەی نەتەوەکە بوونە قوربانی ناکۆکی نێوان ئەو دوو سەرکردەیەتییە...!. 
دەمێنێتەوە ترسێکی تر، ئەو ترسە نەک هەر خەونی مەقامی موعەزەمی ڕەهبەری شڵەژاندووە، ئێوەش لە باشووری کوردستان، لێی زارەتەرەک بوون، ئەویش هێزی لە بن نەهاتووی، ڕاپەڕیووی، بزواوی، هۆشمەند و دلێری ئەو بەشە بندەستەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو هێزە هەموو کۆمەڵە و دیمۆکراتەکانیشی ڕاپسکاندووە و سێبەری بۆ کردوون، هێندە جوانە، هێندە مەزنە، هێندە خۆشناوە، هێندە کوردستانییە، هێندە گەشە، هێندە بە ئاوەز و بەهزرە و هێندە ئازیزە لە ناو دڵی نەتەوەکەدا هەر مەپرسە، نە بە پرس و نە بە ترس و نەبە لەرز، گەشە و بزووتنی ناوەستێنرێت، باڵای ئەوەندە بەرزە، هەمووتان لە چاویدا مێروولەن. ئیتر خۆت مەکە بە کەڕەی شەربەت وەک ئەوەی کە لەو دەڤەرەوە، هیچتان نەبیستبێ، ڕاگەیاندەنە کلتوورییە یەک لە دوای یەکەکانی دەڤەری ڕۆژهەڵات، هەموو شارستانەتی کوردی بزاوندووە، هاکە ئێوە و مەقامی موعەزەمی ڕەهبەریشتانی پێکەوە لوول دا، وا پیشانی مەدەن کە ڕۆژهەڵات ئارامە و تەنیا نیگەرانی مەقامی موعەزەمی ڕەهبەری کۆمەڵەکان و دیموکراتە، کاکە دیواری ژوورەکەی زەینەب جەلالیان، پاڵی دابوو بە دیواری ئەو هۆڵەوە کە تۆ لەوێوە وتت: زۆر حەزەکەی بچیتەوە بۆ گەڕەکی ئەعزەمییەی کەرەج، بەیادی جاران!!! گوێت لەو ژنە دلێرەی ڕۆژهەڵات نەبوو، کە بەرانبەر ئەشنکەنجەچیەکانی مەقامی موعەزمی ڕەهبەری، چۆن وەک لوتکەی قەندیل سەر بەرز بەڕوویاندا دەچۆووە، خەڵکی ڕۆژهەڵات بەم قسانە بچووک نابنەوە، بزووتنەکەیان بەم قسانە، بۆ پاشەوە ناگەڕێتەوە، دڵنیابە... دڵنیا.. . 
قووتبی دووەم کە ئامۆزیای قووتبی یەکەمە، لە وێنەیەکی تەلڤزیۆنی سەیردا، لە پشت دووکەسی دانیشتوەوە کە خەریک بوون کاغەزێکیان واژۆ دەکرد، وەستا بوو، زەردەخەنە لە سەر لێوی بوو، بۆ؟!! چوونکە ئەو شایەتی واژۆکردنی بە ناو گرێبەستێکی سەت ملیار دۆلاری بوو لەگەڵ دوو کۆمپانیای بەناو ئەمێریکایی، کە لەو گرێبەستەدا، ئەمان گفت بەو دوو کۆمپانیایە دەدەن، کە بەنرخێکی هەرزان گازیان بۆ ڕەوانە بکەن و ئەوان بیفرۆشن و بڕێک لە پارەکەی بخەنە سەر حسابەکەی ئەمان، ئەمە پوختەی گرێبەستە سەت ملیار دۆلارییەکەیانە لەگەڵ دوو کۆمپانیای بەناو ئەمێریکایی!!!.
ئەم ژمارەیە ( سەت ملیار دۆلار) لەوەتەی سەرۆکی ئەمێریکا بۆ جاری دووەم دەسەڵاتی بەدەستەوە گرتووە، ژمارەیەکی خۆشەویست و لەبەر دڵانە، ئەمانیش بە چاوڵیکەریی ئەو، ئەم ژمارەیەیان هەڵبژاردووە، نە دۆلارێ زیاد نە دۆلارێ کەم، بڵیی ئەو بەشە لە نەتەوەکە لە باشووردا، هێشتا پاش سی و چوار ساڵ بێ (کارەبایی، ئاویی، جادەیی، قوتابخانەیی، تەندروستی، مووچەیی،  دامەزراندن، کەسیی، کشتوکاڵیی، نەوتی و گازیی) باوەڕ بەم جادووی گرێبەستانە بکەن و بە ئارخەیانی سەری رەزامەندی بۆ بلەقێنن...بۆ نا؟! مەگەر تا ئێستا نەیانلەقاندووە؟!!... هەرچی کاڵای سەقەت و بیریی ڕزیوو و خەیاڵی بۆش و کتێبی پێچەوانە و بۆتۆکسی ماوە بەسەر چوو و دەرمانی گەڕاوە و ماستی ترشاو و برنجی نایلۆن و شمەکی کارەبایی کۆپیکراو و خواردنی لە قووتووخراوی ژاروی ئێرانی و توورکی هەیە، وەک ئاو لە باشووری کوردستان ئاگر ئەکاتەوە و دەشێت لەسەریشیان ببێتە جەنگی مەغڵووبە و کەس و کەسانی تێدا بکوژرێت...هەموو ئەستەمێک لە باشوور دەبێتە ستەم و دەکرێت و قبووڵ دەکرێت و هەموو مەحاڵیێک لە باشوور دەبێتە حاڵ و خەڵک پێی ڕادێ وەک ئاو خواردنەوە.... . 
ئەم هەرای گرێبەستە ڕاستییە، خەونە یا خەیاڵ
نەخێر قووربان، دەڵێن ڕاستییەکە، جارێکی تر چوونەوەی کوردستان بۆ سەر نەخشەی وزەی جیهان، لە هەولێرەوە نوێ دەکاتەوە و وەک گرێبەستە نەوتییەکانی یەکەم و گرنگتریش بەهێز و توانا و هزری باڵاوە، ڕۆڵی کورد لە هاوکێشە جیهانییەکاندا، دەکەنە ڕۆڵی لە پێشەوەی پێشەوەی وڵاتانی پێشکەوتوو!!!. ئەوەی من بیستوومە لەم هەراو هووریای( بیفرۆشە و مەی فرۆشە و نایفرۆشی و مەگەر بەسەر جەستەی مندا بیفرۆشی و... هتد)، ئەمێریکاییەکان لە مێژە لە دەورەی یەکەمی فرۆشتنی نەوتدا، بەم زەلامانەی خۆمانیان وتووە: بەر لەوەی هەر تشتێ بفرۆشن بە دەرەوە، پێویستییەکانی ناوخۆتانی لێ دابین بکەن، ئەوسا بیفرۆشن، وتنێکی لۆجیکییە، تەنانەت دەڵێن: ئەوەشیان پێ زیاد کردووە کە با پێویستیتان بە وڵاتانی چواردەورتان نەبێت و بەو هۆیەوە زەلیل و چاو بەژێریان نەبن...!!!. ئەها ئەمێریکییەکان چەندە ژیر و دووربینن، خۆ بە هەوانتە نییە ڕێبەرایەتی دنیا دەکەن و هەموو دنیا دەمیان گرتۆتەوە، ئەو چۆلەکە باوکەیە شرینقەی کۆڕۆنا و دڵۆپەی ئیفلیجی و هۆی پەیوەندی کردنی ئایفۆن و کەشتی ئاسمان گەڕیان بۆ دابهێنن. ئەی چۆن کوردەگیان ئەم برادەرانەی خۆمان!!! کونەکەیان دۆزیوەتەوە و دەستیان پیا کردووە و گازەکەت کە لەبن نەخشەی جیهاندایە، بۆت دێنەوە سەر نەخشەی جیهان، تۆش هەر ناڕازیت و گلییەی نەبوونی مووچە دەکەیت، با گازەگە بفرۆشین جا بمان بیینە، بە مووچەی دووقات و سێ قات خەنیتان ئەکەین!!! ئەوە بۆ وای کوڕی باش، خۆ هەر خۆمان نایلێین، هەموو کەناڵە عەرەبییەکان دەڵێن: هەولێر، جا ئەوان زۆر لە دەمیان خۆشە، دەڵێن ئەربیل، خۆشترین شاری عێراقە و عەرەبەکان بە ئازادیی و بە خشکەیی و بە نهێنی و با ئاشکرا لەو شارەدا ژیانێکی نوێ بۆ نەوەکانی داهاتوویان دابین دەکەن، ئەی چۆن، هەموو کەس دەمان بینێ کە چ شاکارێک دەکەین، تەنیا کوردەکە نامان بینێ، ئێمە هەر واین وەک و کەوین خۆ خۆرین خۆ خۆر!!!. ئەوە برادەرێکی فرە ئازیزم هەبوو لەو شاخانە، باوەڕتان بێت، کاک (نیکۆلا تێسلا) یەک بوو بۆ خۆی ئەم ناوی کاک شیخ فەتاح  و ناوە ئەسڵییەکەی ( تایەر) بوو. لە هەموو تەکنیکەکان سەری دەردەچوو هێڵکاری بۆ تەکنیکەکانیش دەکێشا و من دوویانم بینیوە کە بە پراکتیکی لە شاخ هێنانێ بەرهەم، ، فەیلەسوفێکی نەناسراو بوو، لە شەڕیشدا جەنڕاڵێکی بە ئەزموون بوو، من لە قزلەر مامۆستا بووم، ئەویش پێشمەرگە بوو، زۆر شەوان پێکەوە دەچووین بۆلای مام عومەری شوانەکەی دێ لە چیای پیرەمەگروون، لەگەڵ وی شەومان دەگەیاندە بەرەبەیان، شەوێک کاک فەتاح، ڕاڤەی ئەو پەندەکوردییەی بۆ کردم و وتی: ئەوە هەڵەیە کە خەڵک پیی وایە کەوی ناو قەفەز بانگ لە هاوڕێکانی دەکات تا بینخاتە ناو داوەوە بۆ خاوەنەکەی، نا، ئەو بانگی ئازادبوون دەدا و بە هاوڕێکانی دەڵیت، من لە بەندیخانەدام وەرن ڕزگارم کەن... یادت بەخێر دڵسۆزە، دڵشکاوەکەی نیشتمانی کورد، چەند جوان ژیایی چەند بەبێ دەنگیش کۆچت کرد... 
ئێستا ڕەنگە هەندێ لەو برادەرە( هەموویان بوونە برادەر، چی قەوماوە!!! شیعرێکم هەیە لەوێدا ڕوو لە دڵبەرەکەم دەکەم و دەڵێم: چی قەوماوە، دنیا گۆڕاوە و من بێ خەبەرم)، ڕەنگە هەندێ لەو برادەرە موسڵمانانە بڵین: ئەمیش ڕۆژئاوازەدەبووە و ئەمێریکای پێ چۆلکەی باوکەیە و هەموو دنیا چاوەڕوانی ئەون و هیچ حیسابێک بۆ ئیرادەی گەلان ناکات!!! دەی برا هەر وایە هەرچی باش و ناباشە هەر لەو دەڤەرەوە دێت، هەزار ساڵ بوو، ژنی هندوستانی ناوکی قەت دانەدەپۆشی و ئەم خووەیان لای هیچ کەسێکی دی غەیری خۆیان نەبووە باو، بەڵام هەر کە خانم(بریتنی سپایەرس)ی ئەمێریکایی ناوکە ئەمێریکایەکەی دەرخست، وەکو ئاگر لە کاو پوشوو بەربووبێت، ڕووتکردنی ناووک بووە مۆدێلێکی دنیاگر و کڵپەکەی تا ئیستاش دانەمرکاوەتەوە، ئەی چۆن برا، ئەوەشی پەیوەندی بە ئیرادەی مرۆڤەوە هەیە، دەی بەگیانی ژنەگریلایەکی ئازیزی کورد، من لەو باوەڕەدام، ئەگەر ئیرادەی مرۆڤەکانی دنیا بێتە قاتی، ئیرادەی ژنی دلێری کوردی باکوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاڤاکەی نیشتمانی من، بەسەر و زیادیشەوە، بەشیان دەکات و لێشیان زیاد دەبێت، من باسی واقع دەکەم، من بە گۆچانی ئەو ڕیالیستە دەڕۆم بەڕێوە کە هەیە، خۆ خەیاڵتان لێ ناکەم بە ڕیال و سی و چوارساڵ، بتان خەوێنم بە گۆرانی، پاش فرۆشتنی نەوتەکەمان و ئابوورییەکی سەربەخۆ، هەموو تاکێکی کورد بەشی خۆی بۆ دەخرێتە ناو کۆنتۆی بانکەکەیەوە، ئابوورییەکی سەربەخۆی خەیاڵی، پشکی نەوتی خەیاڵی و کۆنتۆی بانکی خەیاڵی...ئەی چۆن براکەم!!!. 
ئەوە شێخێکی میسری هەبوو ناوی ( شێخ شەعراوی) بوو، فرە بەلەزەت بوو، گوێگرەکانی وایان دەووت! جارێک لێیان پرسی: یا شیخ، ئەوە بۆچی ئێمە هەمیشە هێرش دەکەینە سەر وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژئاوا و هەموو شتێکیشمان هەر لای ئەوانەوە بۆ دێ؟!! جا زۆرینەی مەلاکان لە میکیاجکردنی ئەو دینەدا کە خۆیان نووسیویانەتەوە ئەڵێی سەت کۆرسی جوانکاریان خوێندووە، پێکەنی گوتی: ئەرکی ئێمە بڵاوکردنەوەی دینی ئەڵلایە، ئەرکی ئەوانیش دروستکردنی پێویستییەکانی ژیانی ئێمەیە، حەشاماتەکە هاواریان لێ بەرزبوویەوە: ئەڵاهو ئەکبەر ئەڵهاو ئەکبەر، ئەی چۆن برا ئەوە ڕۆژئاوا زەدە بوونە کە شێخ شەعراوی تووشی ببوو!!! عەقڵی گوێگرەکانی قوفڵ دەکرد و بۆ دواوەی لێدەخووڕین... من باسی واقعی بینراوی ئیرادەی ژنی دلێری کوردت بۆ دەکەم، باسی قووتبی کوردی کە وەک شێخ شەعراوی دەیانەوێ عەقڵی دانیشتوانی باشوور، قوفڵ بکەن و کلیلەکەشی قووت بەن، ئەی چۆن برا، تۆزێ گوێ بتەکێنە و چاوەکانت بشۆ و دنیا ببینە، باشوور ببینە.    
با بێنەوە سەر پڕۆژەکەی قووتبی دووەمی ئامۆزای قووتبی یەکەم، لە سەرەوە باسم کرد کە قووتبی یەکەم پرۆژەی پاراستنی سنوورەکانی ڕۆژئاوای ئیران گیانی مەقامی موعەزەمی ڕەهبەری لە ئەستۆگرتووە، نەوەکا...خوانەکا، کۆمەڵەیەک! دیمۆکراتێک! لە پیتکەیان دەرچێ لە کوونێکەوە خۆیان بکەن بە سنووردا و ئەها... مەسەلەن شتێ بکەن!!!. 
پڕڕۆژژەکەی! قووتبی دووەم، بێ چاوێنی بێ بە تیژیی تیشکی ڕۆژ و بە تاریکی شەوی دەیجوور، کورد فرێدەداتە سەر نەخشەی وزەی جیهان، لەم چوونە خیرایە و بەو گوڕەوە، تووشی بەزمێ نەبین باشە... خوا ڕەحممان پێ بکات! ئەوەی باشە ئەمانە ئەڵین: کاربەدەستانی عێراق و دەستەکانی پشت سەریشیان، هەموو سەرگەرمی بەز و ڕەزمن و کەس ئەم واژۆیە نابینێ و تاقەتیان چووە و گوێ لە دەنگوباسیش ناگرن، دەڵێن هەمووی دووپاتەیە، ئەو چاوەشیان کە لە هەرێم بە جێیان هێشتووە، دەڵێن: ئیستیلاک بووە و سواوە و بەبێ عەینەکی بنەپیاڵەیی هیچ خوارییەکی هەرێم، نابین!!!... خۆشی لە خۆمان و لە واژۆکەرانی گرێبەستی سەتتتت ملیار دۆلاریی!!!... کاکە جەژنە! بابە جەژنە! جەژنە جەژنە بەقوووربان... کوردە جەژنی چی!!!.. . 
با بچمە سەر خاڵەکان:
1- ئەم گرێبەستە نە سەری دیارە نە بن!
2- کەواتە ڕوون و ئاشکرا نییە!
3- بۆنی گەندەڵکاریی لێ دێ!
4- گەلی لە باشووردا، تووشی خوورپە کردووە!
5- ئەوەی بڕیاری لەسەر داوە، ماوەی دەسەڵاتی واژۆی وای، بەسەرچووە! 
6- ئەو دوو کۆمپانیایەی دەڵێن، ئەمێریکایین، بەسەر و گوێلاکیاندا، هەر بە کۆمپانیا کوردە خواروخێچەکان دەچن!
7- دەڵێن، ئەم گرێبەستە کۆنە و نوێشە، وەک مەتەڵ وایە، بۆ نموونە شەل نییە، پای شکاوە، یا بۆ ڕیش چوو سمێڵیشی نایە بانی!
8- لەگەڵ خۆیدا هەڕەشی هێناوە، ئەوەی (هەژماری من) قبوڵ نەکا، چاوی بەو مووچەیەی وەک هاتهاتەکەی ڕۆمی لێهاتووە ناکەوێ! توخوا خەڵکینە خوێندووتانەتەوە، یا بیستووتانە یا بینوتانە، سەرۆکی حوکوومەتی خەڵکێک هەڕەشە لە خەڵکەکەی خۆی بکات بە بڕینی قووتی منداڵەکانی و خۆشی بە سەرۆکی وەزیرانی ئەو خەڵکە بزانێ؟! ئەوە ئەگەر سەرۆک وەزیرانی بۆ نموونە سوێد، بە خەیاڵیدا بهاتبایە بڕیارێکی وا بدات، یەکسەرە شکاتی لە خۆی دەکرد لای پۆلیس و ناونیشانی شکاتنامەکەی ئەمە دەبوو: ئەم ئێوارەیە کاتژمیری شەش بە خەیاڵمدا هات، بڕیارێکی سەقەت بدەم کە پێموایە بە خەیاڵ ستەمم لە خەڵکی خۆم کردووە و دەترسم ڕۆژێک هەوڵ بدەم خەیاڵەکەم بکەمە ڕاستیی، بۆیە داواتان لێدەکەم، کە لیژنەیەک پێک بێنن و لە باری دەروونیم بکۆڵنەوە، سپاستان دەکەم... 
 ئەو خەڵکە چوونکە سەت جار دەستیان بە پشکۆی دەسەڵاتی کوردیدا(ناچارین دەبێت بڵێین کوردی..ئەگینا...) جزیووە، ئەم هەژماری منەیان وەک دووپشکی عەربەت دێتە بەرچاو، دەزانن، ئەوە مەکینەی سپیکردنەوەی پارەی ڕەشی دزراوی گیرفانی بڕاوی خۆیانە بۆیە نایانەوێ قەرەی بکەون.... دەی ئێوە و خواتان ناهەقیانە؟! کێ هەیە لەم سەر زەوییەدا، واژۆی ئەوە بۆ کەسێکی تر بکات کە بێت گیرفانی ببڕێت، تۆ بڕوانە ئەم سنعەتە شۆڕشگێڕانی باشووری کوردستان فێری بوون!!!.
ئەی چارە؟!
کاکە ئێوە کەسێکتان نەدۆزیەوە لەو دەڤەرە فراوانەی سلێمانیدا، ئەها تۆزێ ویژدانی هەبێت بیکەن بە بەڕێوەبەری دەڤەرەکەی خۆتان و پێکڕا یا زۆرینەتان، مەزبەتەیەک بکەنەوە و بیدەن بە داداگای فیدراڵی و دەڤەرەکەتان بکەنە یەکەیەکی سەربەخۆتان، خۆ ئەوە بەپێی یاسای بنەڕەتی کۆماری عێراقی فیدراڵ، یاساییە و مافی ئەو خەڵکەیە کە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، ئێدی بۆ دەستێکتان کەوتۆتە ئەملا و دەستێکتان کەوتۆتە ئەولا؟! هەر ملی پێوە ئەنێن؟!
ئەوە مامۆستا مەسعوود سی و چوار ساڵی ڕەبەقە، چارەکەی بۆ دەستنیشان کردوون، پێی وتوون: هەر ڕێگەیەکیان پیشاندان، ئەو حیزبە شیت و وێتانە، ئێوە ملی ڕێگاکەی تر بگرن، ئەوە ڕێگە راستەکەیە، پێیدا بڕۆن و خۆتان ئازاد بکەن و هەزاران لاوتان هەیە، لە باشوور نەبوو لە ڕۆژهەڵات، لە باکوور، لە ڕۆژئاوا، هەریەکەیان لەسەر کورسییەک دابنێن، بەگیانی هەموو گیان بەختکردووانی کوردستانی گەورە، وەک گوڵ بەڕێوەتان دەبن و باخچەکانتان دەگەشیننەوە و ئازادی و کەرامەتی کوردبوونتان دەپارێزن.... دەی جوامێری کورد بن و وەخۆ کەون. دەڤەری سلێمانی دەبێت پاریزگاری لە خۆی بکات، ئەمە کەی ڕەوایە سامانی ژیرخانەکەی، کە داهاتووی هەموو منداڵێکە لە کوردستانی گەورەدا و لە پاراستنیدا بەرپرسیارین، ئاوا بەهەوانتە لە دەستان دەربێنن و بەبەر چاوتانەوە، بەبۆری ڕایکێشن بۆ ناو گیرفانی کۆمپانیا گەنەڵەکانی توورک و موورک.... دەی جوامێری کورد بن و وەخۆ کەون.... یەک جارە و بۆ هەمیشە...
بابەتێکی تر ئەوەیە کە لەم کاتەدا، مەسەلەی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد لە باکوور و ڕۆژئاڤا، ڕۆژەڤی هەموو هەواڵ و دەنگوباسەکانە، ئەمانە لە جیاتی ئەوەی، گازفرۆشی بکەن، دەبوو ئەو هەوڵانەیان ببردایەتە ناو هۆڵەکانی دەزگا بریاردەرەکانی دنیا و ئەو ملێۆن دۆلارەی کە ئەو زەلامە دای بە (فۆکس نیوز) بۆ چەند خولەک قسەکردن، ئەگەر کوردی ساغ بانایە، دەیانتوانی بیاندایەتە چەند ڕۆژنامەنووسی کاریگەر و ناسراو و لە توورک و شەرعیان بکردایەتە هەڵا، بەڵام....بەڵام ئەوان پاڵەوانی لە دەستدانی دەرفەتەکان و قارەمانی پووچکردنەوەی هەوڵەکانی نەتەوەی کوردن، ئەگەر نەتوانن چارەسەری بکەن، چاک دەتوانن تێکی بدەن...ئەی خەڵکینە جوامیری کورد بن وە خۆ کەون... وەخۆ کەون.
 

بابەتی دواتر بابەتی پێشتر