Pro Blogger Templates

کۆیلایەتی مۆدێرن

خەمناکترین شت لە کوردستان بریتی نیە لە هەبوونی دەسەڵاتدارێکی گەندەڵ و خوێنمژ، بەڵکو کۆیلەکانن. ئەو کەسانەیە بە ئارەزوومەندانە شەرەفی خۆیان دەفرۆشن بۆ پارچە نانێک. کە بریتین لەو کەسانەی دەکەونە سەر چۆک بۆ بارزانی و تاڵەبانی تاوەک و پێڵاوەکانیان بلێسنەوە بۆ دوو دینار نەوەک لەبەر ئەوەی ناچارکرابن، بەڵکو بە ویستی خۆیان.

کۆیلەکان ئەو کەسانەن کەوا هاوار دەکەن تەمەن درێژبیت بارزانی، بەڵام لە گوند و شارەکانیان کارەبایان نیە.  هاوار دەکەن تاڵەبانی سەرۆکمانە بەڵام منداڵەکانیان لە مەکتەب کتێبیان لا نیە تاوەکو لەسەری بخوێنن. ئەوان پارێزگاری لەدەسەڵاتدارێک دەکەن کەوا نەوت دەدزێت، سۆشیاڵ میدیای دەست بەسەرداگرتووە، موچەی دزیوە، لەسەر خاکێک دەژین کەوا دەوڵەمەندە بە سامانی سروشتی وەک نەوت و گاز، بەڵام لە زستاندا لە سەرمایان دەلەرزن چونکە پارەی نەوت ئەوەنە گرانە توانای کڕینیان نیە. هەموو لەبەرامبەر چی ؟ بەڵێندان بە تەعین بوون ؟ یاخود ڕەسم گرتێک.

ئەمانە پێیان دەوترێ سەربازی بێدەنگکردن، بەرگریکاری پێشەوەی پاراستنی دیکتاتۆرەکان. ئەم کۆیلانە دەنگی ئەو کەسانە ون دەکەن کە داوای دادپەروەری دەکەن، هێرش دەکەنە هەر کەسێک ڕەخنە لە ماستەرەکانیان بگرێت، سۆشیاڵ میدیایان پڕ کردوە لە پڕوپاگەندە و درۆکانیان هەرکەسێک دژی بیر و باوەڕی خاوەنەکانیان بێت پێی دەڵێن خیانەتکار و فڵانکەس دژی یەکگرتوویی کوردە. ئەمانە بەزۆر نەکراون بە کۆیلە، بە ویستی خۆیان هەڵیان بژاردوە کۆیلە بن.

ئەمانە کەوا تاکە ئیشیان لێسانەوەی پێڵاوی بنەماڵەکانە خۆیان باش دەزانن چی دەکەن و خەریکی چین. کە دەبینن جوت بنەماڵە بونە بە ملیاردێر و کوڕی هەژار لەنێو هەژاریدا غەرق بوونە و هەوڵدەدەن ڕابکەن لێیان بەڵام ئەمان هەر وەفادارن بۆ خاوەنەکانیان. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی وەک سەگێک کەوا خاوەنەکەی کەروێشکی پێ ڕاو دەکات بەڵام پارچە ئێسکێک دەدات بە سەگەکەی وان، ئەمانیش ملیارات دۆلار دەدزن و بە چەند هەزار دۆلارێک ئەم کۆیلانە لەخۆیان ڕازی دەکەن.

ڕێک سیستەمەکە بەم جۆرەیە، دەسەڵاتداری گەندەڵ دەیدزن. کۆیلەکان بەرگریان لێ دەکەن وە قوربەسەری و نەهامەتیەکەش بۆ میلەتەکەیە.

کوردستان لە سوڕێک گیری خواردووە، ئێمە ناتوانین قسە بکەین سەبارەت بە دیموکراسیەت لەبەر ئەوەی کۆیلەکان ڕێگات پێ نادەن، لە ڕاستیدا ئەمانە کۆیلە نین بگرە خیانەتکارن دژی میللەت. ئەمانە هۆکارن کەوا کوردستان تا ئێستا سەربەخۆ نیە، ئەمانە هۆکاری لەناوچونی خەونی هەزارەها گەنجن، رەخنەگرەکانیان بێدەنگ کردووە و داهاتوویان لە گەنجەکان دزیووە، ناتوانین لەم سوڕەی کوردستان ڕزگارمان بێت هەتاوەک و ئەم کۆیلانە مابن.

پێویستمان بە زنجیری ملیان نیە بۆ ئەوەی کۆیلەکان بناسینەوە، بە ئاشکرا لە هەموو جێگایەکن . لە مزگەوت لەسەر مینبەر بێدەنگی هەڵدەبژێرن لە بڕی وشیارکردنەوە وە بگرە دزیکردن و تاڵانیەکانیان بە دەستکەوت لێکدەدەنەوە و ڕەحمەتیان بۆ دەنێرن. ، لە مەکتەبەکان منداڵەکانمان فێری داستانی پەڕینەوەی جۆگەلەی ئاراس و خەباتی شاخی جوت بنەماڵە دەکەن لە کاتێکدا موچەشیان پێ نادرێ، ئەو کەسەیە لەجیاتی خەیار فرۆشتن لە باڵەخانەی پارێزگار دانیشتبوو. ئەو کەسەیە کە وتی شارەزای سیاسەت نیم کاری من سیاسەت نیە بەڵام ببو بە جێگری پارێزگار. تەنها کۆیلە بچوکەکان ناگرێتەوە بگرە ئەو بۆقە سەوزەش دەگرێتەوە کەوا جەنتا هەڵگری زۆنی زەردە. ئەو بۆقەی تریش کەوا دەرکراوە بەڵام دەنگی میلەت دەکڕێتەوە بە وتنی ئێستا کەسێکی ترم.

دەوترێ کۆیلەیەک لە زۆرانبازی پارەیەکی باشی بردبۆوە و ئازادکرا، پێیان وت بە پارەکەی چی دەکەی، وتی گەورەیەکی بۆخۆم پێ دەکڕم، ئەم جۆرە کەسانە مێشکیان شۆراوەتەوە، تەنانەت بارانی ئازادیش ببارێت ئەمان چەتری کۆیلایەتی هەڵدەگرن.

 

بابەتی دواتر بابەتی پێشتر