Pro Blogger Templates

کەیسی تاڵانی نەوت و فرۆشتنەوەی کەڕامەت بە هاوڵاتیان

 

زیاتر لە دوو ساڵ و دوو مانگە بەهۆی ناکۆکیەکان لەسەر نرخەکان بەفەرمی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە فەرمانی حکومەتی عێراق ڕاگیراوە. لەگەڵ ئەوەشدا تاڵانی نەوت بەردەوامە بەڵام بۆ خزمەتی هاوڵاتیان نا بەڵکو بۆ گیرفانی کەمینەیەک. بەپێی بەدواداچوونەکان ڕۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت و بە ڕیگەی تەنکەر و ساخکردنەوەی ناوخۆ بەبازاڕ دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا یەک دیناری نەگەڕێنراوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی و حکومەت. یەک دیناریشی نەدراوە بە حکومەتی عێراق. یەک هاوڵاتیش سودی لە داهاتی ئەم نەوتە وەرنەگرتووە. ئەی داهاتەکە لەکوێیە؟ 

لە جیاتی شەفافیەت، ئەوەی کۆمەڵگای کوردی لێی ئاگادار دەکرێتەوە هەندێ قسەی باق و بریقن کە خودی خۆیان باوەڕیان پێی نیە و لە بەرانبەردا دوو مانگ جارێک موچەی هاوڵاتیان دابین دەکرێت. حکومەتی شکستخواردووی بارزانی لە ئێستادا ئاماژە بەوە دەکات کە حکومەتەکە ٩.٢٥ ملیار دۆلار قەرزاری کۆمپانیا نەوتیەکانە، لەکاتێکدا نەوتە بەرهەمهێنراوەکەش بە نرخی نیوەی بازاڕە جیهانیەکان دەفرۆشێتەوە. ئەمە لە بنەڕەتدا گاڵتەجاڕییەکی ترە بە سامانی میلەت دەکرێت. ئەی داهاتی ئەم نەوتەی دەیفرۆشن بۆ کوێ دەچێت؟ ئەم کۆمەڵگایە بۆچی توشی داڕمانی ئابووری بووە؟ 

تەنانەت یەک دیناریش لە بەرهەمهێنانی نەوتی کوردستان بۆ ئاوەدانکردنەوە خەرجنەکراوە، پاڵپشتی هیچ پڕۆژەیەکی پێنەکراوە. هیچ پلانێک و بەرچاوڕوونیەک نیە کە ئەم داهاتە بۆ خزمەتی گشتی بەکارهێنرابێت یاخود لە داهاتوودا بەکاربهێنرێت. مامۆستا و فەرمانبەر و کارمەندان تا موچەیەک وەردەگرن تای برسیبوون و قەرزاری و شەرمەزاری دەیانگرێت.

ئەمە فەرمانڕەوایی نیە بەڵکو خراپ بەکارهێنانی دەوڵەتە بۆ مەبەستی دزی و تاڵانی لە موڵک و ماڵی گشتیدا، ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی بنەماڵەی بارزانی سود لە نەوتی قاچاخ، دواکەوتنی موچەکان ببینێت. ئەمە پاراستنی کەرامەتی مرۆڤەکان نیە وەک ئەوەی خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن بەڵکو سود وەرگرتنە لە دەرفەتەکان بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان. ئەمە دەرفەتێکی ناوازەیە بۆ گەرا دانانەوە بۆ نەوەکانیان تا هەمیشە حکومی ئەم میلەتە بکەن.

کێشەکە لەوە گەورەترە تەنیا ئەم بنەماڵەیە دەوڵەمەند بێت بەڵکو دەستەمۆکردنی کۆمەڵگا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان یەکێکی ترە لە تەکنیکەکان. لە ئێستادا تاکی کورد بۆی نیە بپرسێت، کوا پارەی نەوت؟ هەر کەسێک ختوکەی میلەتەکە بدات هەر خێرا بە یاسای تاوان بێدەنگی دەکەن. ڕۆژنامەنووس و چالاکوانان، هاوڵاتیانی ئاسایی بەردەوام لە بێدەنگکردن و کپ کردندان. بە بەرنامە تاوانبار و خەیانەتبار دەکرێن کاتێک بیانەوێت بە وشەیەک باسی ڕاستیەکان بکەن.

خەڵکی هەرێمی کوردستان شایەنی ژیانێکی شکۆمەندانەیە، ژیانێک شەرەف و کەرامەتی پارێزراو بێت، خەڵک شایەنی حوکمڕانیەکی باشە نەک کۆنترۆلکردن و کۆیلایەتی. تاوەکو شەفافیەت لە کارەکانی حکومەتدا نەبێت هیچ هیوایەک نیە ئەم میلەتە ژیانێکی بە کەرامەتەوە هەبێت بەڵکو هەر دەستەمۆی سیستەمی بنەماڵەیی دەبێت. 

بابەتی دواتر بابەتی پێشتر